نوێ

Hazrat-Muhammad-Prophet-Name-HD-Pics

هەموو دەزانین کە پێغەمبەر(ص)ی خودا تەواوی ژیانە هەمووی لە خواپەرستی و عیبادەت و بانگەواز و پەروەردە و چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکی و بەڕێوەبردنی کاروباری ئەو دەوڵەتە ساوایەەی کە پێکی هێنابوو بەسەربردووە کە ڕووبەڕوو بوونەوەی بەردەوام و هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی قوڕەیش و عەرەبەکان و پلانی جولەکەکان و هەموو ئەوانەی پێشتر باسمانکرد هیچ کاتێکیان بۆ پێغەمبەر(ص) نەهێشتبووەوە کە خەریکی ڕابواردن بێت، بەڵام لێرەدا پرسیارێک خۆی دەسەپێنێت ئەویش  ئەوەیە کە: بۆچی ١١ یاخود ١٢ ژنی هێنا!؟

لێرەدا کۆمەڵێک هۆکار دەخەینەڕوو کە فرەژنی پێغەمبەر(ص) ڕووندەکەنەوە، وە بۆخۆشی وەڵامە کە بۆچی ئەو زیاد لە کەسانی تر خێزانی هەبووە:

 

  • پێویستییەکی سروشتی پێغەمبەر(ص) وەکو مرۆڤێک بۆ ژن.
  • مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئیسلام و بانگەواز. (خەدیجە،عائیشە،ئوم سەلمە)
  • مەبەستی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی. (سەودە،حەفصە،عائیشە،ئوم سەلمە)
  • مەبەستی سیاسی. (ڕیحانە، جویریە)
  • مەبەستی پەروەردەیی و تەشریعی. (عائیشە،زەینەب)

 

ناحەزانی ئیسلام و نەیارانی پێغەمبەر(ص) جگە لە هۆکاری یەکەم دان بە هیچ هۆیەکی تردا نانێن و ئامادەنین هەر باسیشی بکەن چونکە ئەوان کارییان بەڕاستی نییە تەنها ئامانجیان پڕوپاگەندەیە.

دەڵێن پێغەمبەر(ص) تەنها بۆ دامرکانەوەی ئارەزووە سێکسییەکانی خۆی ئەو هەموو ژنەی هێناوە، کە ئەم قسەش دوورە لە ڕاستییەوە کە وردە وردە باسی دەکەین و تێدەگەین کە بۆچی وانییە….

پێغەمبەر(ص) چونکە هەڵبژێردراوی خودا بوو بۆ گەیاندنی دوا پەیامی خودا بۆ مرۆڤایەتی، هەر بۆیە ئەو ژنانەی بوون بە هاوەری هەموویان بە حیکمەتێک لەلایەن خوداوە بۆیدانرابوون. ئەگەر ڕاستەوخۆش نەبووبێت وەکو زەینەبی کچی جەحش ئەوا ناڕاستەوخۆ خوای گەورە بۆی دیاریکردووە چونکە بە ئاشکرا دەبینی کە هەریەکە لەو ژنانە بەکارێک هەستاوەوئەرکێکی تایبەتی ئەنجامداوە بۆ ئیسلام کە کەم تا زۆر دەبوو تەواوی ژیانیانی بۆ تەرخان بکەن.

وەک چۆن خاتوو “خەدیجە” پشتیوانی پێغەمبەر(ص)بووەو لەسەرەتای پێغەمبەر(ص)ێتیدا پاڵپشتێکی گەورەی ڕۆحی و ماددی بووە بۆی کە هەموو سەروەت و سامانی لەپێناو بانگەوازی ئیسلادا سەرفکرد.

“عائیشە” زانا بووەو و زۆربەی هەرەزۆری ئەو فەرموودانەی پەیوەندییان بە کۆمەڵگەوە هەیە لەوەوە ڕیوایەت کراون، کە ئەمەش بۆخۆی وەڵامێکە بۆ ئەو کەسانەی کە دەڵێن ئافرەت لە ئیسلامدا تەنها دەبێت منداڵ بەخێیو بکات و بەس و ئافرەت لە ئیسلامدا ناتوانێت بەشداری کار و بارە گرنگەکانی کۆمەڵگا بکات …. کە هەڵەن وەک لەسەروە باسمان کرد خاتوو عائیشە کەسایەتییەکی پەروەرشیار و زانابووە و مامۆستایەکی شەرعی بووە وەهەروەها بۆ زۆرێک مەسەلەی سیاسی پرس و ڕای پێکراوە.

“ئوم سەلەمە” ژنێکی دانا بووە، پێغەمبەر(ص)ی خودا لە زۆر کێشەدا پرسی پێکردووە و بەقسەی کردووە، بۆ نموونە لە (ئاشتینامەی حودەیبییە)دا و هتد…….

وە لەگەڵ باقی هاوسەرەکانی تری پێغەمبەر(ص) کە هەر هاوسەرگیرییەک بەرژەوەندییەکی گەورەی بانگخوازی یاخود سیاسی تێدابووە بۆ ئیسلام کە بێ ئەو هاوسەرگیریانە لەوەنەدەبوو مەحاڵبن.

 

سەبارەت بە هاوسەرگیرییەکانی پێغەمبەر(ص) دەبێت ئاماژە بەوەبکەین کە هیچ کام لەو پڕۆسە هاوسەرگیرییانەی کە پێغەمبەر(ص) ئەنجامی داون بچوکترین ڕەخنەی شەرعی،یان یاسایی، یان کۆمەڵایەتی هەڵناگرن لە هیچ ڕوویەکەوە. چونکە ئەو هاوسەرگیرییانەی کە ئەنجامی داون هەموو مەرجە شەرعی و یاساییەکانیان تێدابووە.

وە گێڕانەوەی هۆکاری زۆری خێزانەکانی پێغەمبەر(ص) بۆمەسەلەی ئارەزووبازی قسەیەکی بێبنەماو بێبەڵگەیە، چونکە پێغەمبەر(ص)ی خودا تا تەمەنی ٢٥-بیست و پێنج ساڵیش هەر بیری لە ژنهێنان نەردووەتەوە، تا خاتوو خەدیجە خۆی پێشنیاری ئەوەی بۆ کردووە کە شووی پێبکات، ئەوکاتیش خاتوو خەدیجە تەمەنی ١٥-پازدە ساڵ لە پێغەمبەر(ص)ی خودا گەورەتربوو.

پاش ئەویش تا تەمەنی ٥٠ ساڵیش بیری لە ژنهێنان نەکرووەتەوە، تا خاتوو خەدیجە کۆچی دوایی کردووە و پاشتر بێوەژنێکی تری هێناوە کە ئەویش دووبارە ١٥-پازدە ساڵ لە پێغەمبەر(ص)ی خودا گەورەتربوو. دوای ئەویش خێزانەکانی تری هێناوە.

جا ئەگەر کەسێک ئارەزووباز بێت ئایا دەگونجێت تا تەمەنی ٢٥-بیست و پێنج ساڵی هەر بیر  ە ژنهێنان نەکاتەوەو پاشانیش ڕازیبێت هەموو تەمەنی لاوی لەگەڵ ئافرەتێکی بێوەژن و بەساڵاچوودا بەسەر بەرێت؟

دواتر ئەگەر کەسێک لەسەرەتای لاوی و لەوکاتەی مرۆڤێکی ئاسایی و سادە بووە ئاوا ژیابێت، دەکرێت لە تەمەنی پیری و پاش پێسپاردنی ئەرکی پیرۆزی پێغەمبەر(ص)ایەتی ئاڵوودەی  کاری ئارەزووبازی بووبێت!؟ عەقڵێکی تەندروست پێی وانییە……

لەپاش ئەوەیش لەناو هەموو ئەو خێزانانەی کە هێناوی تەنها خاتوو عائیشە کچ بووە و هەموو ئەوانیتر بێوەژن بوون و زۆربەی زۆریان خاوەن منداڵبووەن. لەکاتێکدا ئەگەر پێغەمبەر(ص)ی خودا کەسێکی ئارەزووباز بووایە دەیتوانی هەموو خێزانەکانی کچ بن و بگرە جوانترین و هەڵکەوتووترین ئافرەتانی عەرەبیش بن، چونکە هەموو ئافرەتێک ئاواتی بەوە دەخواست کە ببێتە خێزانی پێغەمبەر(ص) و هەموو بنەماڵەیەکیش بە شانازی دەزانی کە کچی بدەنێ.

بەڵام بە پێچەوانەوە زۆرێک لەو هاوسەرگیرییانەی کە پێغەمبەر(ص)ی خودا ئەنجامی داون ئەرک و بارقورسی بوون بۆ خۆی و لەسەر خواست و لەپێناو ئارەزووی خۆشیدا نەیهێناون، بەڵکو لەسەر فەرمانیی خوای گەورە بووە یان لەسەر داوای ئافرەتەکان خۆیان بووە یان لەبەر سۆزێکی مرۆڤایەتی یاخود لەبەر بەرژەوەندی دەوڵەت و بانگەوازەکەی بووە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە پێغەمبەر(ص)ی خودا هەموو ژیانی بە هەژاری و نەداری گوزەراندووە و دەی ئەگەر پێغەمبەر(ص) هێندە ئارەزووی ژیانی دنیای کردبا لانی کەم تۆزێ ژیانی خۆی خۆشدەکرد نەک دایم خۆی برسی و تینیو بکات و هیچ نەبێت لە ماڵیدا بیخۆن یان لەسەری دانیشن…………..

 

وآخیر دعوانا ان الحمد للە